سەرەنجام ئەڵمانیا قایل بوو بە فرۆشتنی فڕۆکەی شەڕکەری یۆرۆفایتەر تایفون بە تورکیا
دوای چەندین مانگ گفتوگۆ و بێنەوبەردە، لە کۆتاییدا ئەڵمانیا پاشگەز بووەوە لە بڕیارەکانی پێشووی و ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی ٤٠ فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتووی یۆرۆفایتەر تایفون بە ڕژتمی فاشیستیی تورکیا دەربڕی.
حکوومەتی ئەڵمانیا بە هەڵگرتنی گەمارۆ یەک لایەنەکانی، ڕێگەی دا بە دەستپێکردنی وتووێژە تەکنیکییەکان بۆ فرۆشتنی ئەم فڕۆکانە بە تورکیا. ئەم بڕیارە دوای چەندین مانگ دژایەتی بەرلین بۆ ئەم مامەڵەیە هاتووە.
ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١٦ دوای پەلاماری تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین لە ڕۆژئاڤا، هەناردەکردنی چەکی بۆ ئەم وڵاتە سنووردار کردبوو. هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم گەمارۆیە "نیگەرانی لە بەکارهێنانی چەکی ئەڵمانی لەلایەن تورکیاوە دژی کوردەکان لە سوریا و عێراق" و "پابەند نەبوونی حکوومەتی ئەردۆغان بە پێوەرە دیموکراتییەکان" ڕاگەیەندرابوو.
هێشتا ڕوون نییە بۆچی حکوومەتی ئەڵمانیا لە بڕیارەکەی خۆی پاشگەز بووەتەوە. تەنانەت هەندێک لە شارەزایان لە ئەڵمانیاش دەڵێن ئەو هۆکارانەی بووبوونە هۆی ڕاوەستاندنی هەناردەی چەک، هێشتا بە هێزی خۆیان ماونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، تیمێکی تەکنیکی پێکهاتوو لە پسپۆڕانی کۆنسۆرسیۆمی یۆرۆفایتەر - نوێنەرانی بەریتانیا، ئیتالیا، ئیسپانیا و ئەڵمانیا - گفتوگۆکانیان لە تورکیا دەستپێکردووە. ئەم دانوستانانە کە بڕیارە سێ هەفتە بخایەنێت، کۆمەڵێک وردەکاری لەخۆدەگرێت لەوانە قۆناغەکانی دابینکردن، ڕاهێنانی فڕۆکەوانان و پرۆتۆکۆلەکانی چاکسازی.
چاوەڕوان دەکرێت تورکیا لە قۆناغی یەکەمدا ٢٤ فڕۆکەی یۆرۆفایتەر وەربگرێت و ١٦ فڕۆکەی دیکەش لە قۆناغەکانی دواتردا ڕادەستی بکرێن.
هاتنی ئەم فڕۆکانە بۆ هێزی ئاسمانی تورکیا پێشکەوتنێکی بەرچاو دەبێت، چونکە یەکەم فڕۆکە دەبن کە بە تەکنەلۆژیای ڕاداری سکانی ئەلیکترۆنی چالاک (AESA) لە کەشتیوانی ئەم وڵاتەدا تەیار کراون.
یۆرۆفایتەر تایفون فڕۆکەیەکی شەڕکەری فرە مەبەستی پێشکەوتووە کە لەلایەن کۆنسۆرتیۆمێک لە وڵاتانی ئەوروپاوە دروستکراوە و توانای بەرچاوی لە شەڕی ئاسمانی و هێرشی زەمینیدا هەیە. ئەم فڕۆکەیە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و چەکی پێشکەوتوو تەیار کراوە.