هەواڵ

ناڕەزایەتیی ژنانی زیندانیی سیاسی لە ئێڤین دژی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی

ژمارەیەک لە ژنانی زیندانیی سیاسی لە زیندانی ئێڤین دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن دەزگای دادوەری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەسەر وریشە مورادیدا کاردانەوەیان نیشان دا.

بەپێی فایلێکی دەنگی کە لاپەڕەی گوڵڕوخ ئیرایی لەسەر پلاتفۆرمی ئیکس (تویتەری جاران) بڵاوی کردۆتەوە، زیندانیانی سیاسیی ژن لە حەوشەی بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین گردبوونەتەوە درووشمگەلی وەک "زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت؛ حکوومەتی سێدارە دەبێ لەناو بچێت"، "کوردستان کوردستان؛ گۆڕستانی فاشیستان"، "ئازادی مافی ئێمەیە؛ هێزی ئێمە یەکێتی ئێمەیە" و "مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر" دەڵێنەوە. لە گردبوونەوەکەدا هەروەها سروودی " چاو بێلا" دەخوێنن و لە کۆتاییدا هەلهەلە دەکێشن.

بە ئەگەری زۆر ئەو تۆمارە دەنگییە شەوی یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر (١٠ی نوامبر) تۆمار کراوە.

ئەم ناڕەزایەتییە لە کاردانەوە بەرامبەر بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)دا، ئەنجام دراوە. لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی "قازی" ئەبولقاسم سەلەواتی ئەم سزایەی سەپاندووە و ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر بە پارێزەرانی وریشە مورادی ڕاگەیەنراوە.

وریشە مورادی لە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێرانەوە لە دەوروبەری سنە دەستبەسەر کرا. دوای تێپەڕاندنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە و تاران، ڕۆژی ٥ی بەفرانباری هەمان ساڵ بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین گواسترایەوە.

ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە وریشە مورادی و پارێزەرەکانی لە دانیشتنەکانی دادگادا لە مافی بەرگری بێبەش کراون.

سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ وریشە مورادی کاردانەوەی بەرفراوانی لە نێوان چالاکانی مافی مرۆڤ و زیندانیانی سیاسیدا لێکەوتۆتەوە. ئەم سزایە لە کاتێکدا دەرچووە کە پێشتر لە داواکارینامەدا، جێبەجێکردنی ماددەی ٢٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی بە لانی زۆر ١٥ ساڵ زیندان داوا کرابوو.

بەڵام قازی سەلەواتی بەپێی ماددەی ٢٨٧ی ئەم یاسایە، سزای لەسێدارەدانی دەرکردووە.

وریشە مورادی پێشتریش لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە زیندانی ئێڤین مانی لە خواردن گرتبوو. ئەو لە نامەیەکدا کە بڵاو کرایەوە، جەختی کردبووەوە کە بۆ پشتیوانی لە کەمپەینە جیهانییەکانی "نا بۆ لەسێدارەدان" دەستی داوەتە ئەم کارە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە