هەواڵ

پچرانی کارەبا لە ئێران؛ یان کارەبا بە مازۆت یان سڵامەتی

لە ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەر (١١ی نۆڤەمبەر)، بڕینی بە نۆرەی کارەبا لە سەرانسەری ئێران بە پێی خشتەیەکی دیاریکراو دەست پێدەکات. ئەم بڕیارە دوای فەرمانی سەرۆک کۆمار بۆ وەستاندنی بەکارهێنانی مازۆت لە سێ وێستگەی کارەبای ئەو وڵاتە جێبەجێ دەکرێت.

بە پێی ڕاگەیاندنی بەرپرسان، ناوچە جیاوازەکانی ئێران ڕۆژانە دوو کاتژمێر کارەبایان دەپچڕێت. خشتەکانی بڕینی لە نێوان کاتژمێر ٩ی بەیانی تا ٥ی دوانیوەڕۆ جێبەجێ دەکرێت. ئامانج لەم کارە، پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا ڕاگەیەنراوە.

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ڕژێمی ئێران، هەفتەی ڕابردوو فەرمانی وەستاندنی سووتاندنی مازووتی لە وێستگەکانی کارەبای ئەراک، کەرەج و ئیسفەهان دەرکرد.

محەممەد جەعفەر قائیم پەناه، جێگری جێبەجێکاری سەرۆک کۆمار، لە ڕوونکردنەوەی ئەم بڕیارەدا وتی کە نزیکەی ١٦ ملیۆن تۆن سووتاندنی مازۆت لەم ناوچانەدا دەبووە هۆی پیسبوونی توندی هەوا و کێشەی تەندروستی. هەروەها داوای لێبوردنی لە خەڵک کرد بە هۆی پچڕانی ناچاریی کارەبا.

ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ کێشەی جیددی لە بواری دابینکردنی وزە و پیسبوونی هەوادا بەرەوڕوو بووە. بەکارهێنانی سووتەمەنیی پیسکەر وەک مازۆت لە وێستگەکانی کارەبا، بە تایبەت لە وەرزی سارددا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی هەوا لە شارە گەورەکاندا بووە.

ئەم بڕیارە نوێیە هەنگاوێکە بۆ باشترکردنی کوالێتیی هەوا، هەرچەندە کێشەی جیددی لە بواری دابینکردنی کارەبادا دروست دەکات.

شارەزایان پێیان وایە کە ئێران پێویستی بە وەبەرهێنانی بەرفراوان لە بواری وزەی پاک و نۆژەندا هەیە تا بتوانێت لەگەڵ دابینکردنی پێداویستیی وزە، پیسبوونی هەواش کەم بکاتەوە. هەروەها، باشترکردنی بەکارهێنانی وزە و زیادکردنی کارایی وێستگەکانی کارەبا لە ڕێگاچارەکانی دیکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی وزە لە ئێران.

مازۆت، کە بە نەوتی ڕەش یان نەوتی کوورە ناسراوە، یەکێکە لە بەرهەمە قورسەکانی پاڵاوتنی نەوتی خاو. ئەم ئاوردووە/سووتەمەنییە بە هۆی نرخی هەرزان و بەردەستبوونی، لە زۆر وڵاتدا بەکاردێت، بەڵام کاریگەری نەرێنیی زۆری لەسەر ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ هەیە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە