ئەڵمانیا دەڵێت پەیوەندیی ئێران بە پلانی هێرشی داعش بۆ سەر پەرلەمانی سویدی ئاشکرا کردووە
دوو گومانلێکراوی ئەفغانستانی کە تۆمەتی ئەندامێتی لە داعشیان لەسەرە، لە دادگایەک لە شاری یێنای ئەڵمانیا دادگایی دەکرێن. لێکۆڵینەوە بەرفراوانەکان دەریانخستووە کە ئەم دوو کەسە لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی داعش لە ئێران، فەرمانی هێرشکردنە سەر پەرلەمانی سویدیان وەرگرتووە و خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئامادە کردووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی MDR-ی ئەڵمانی، دوو تۆمەتبارەکە بە ناوەکانی "ئیبراهیم ج" و "ڕامین ن" کە لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە لە شاری گێرا ژیاون، پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ ئەندامانی داعش لە ئێران هەبووە. ئەم کەسانە بەنیاز بوون وەک کاردانەوەیەک بۆ سووتاندنی قورئان لە سوید، هێرش بکەنە سەر پەرلەمانی ئەم وڵاتە.
ئیبراهیم ج لە ڕێگەی ئەپی تەلەگرامەوە پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ کەسێک بە نازناوی "تەڵحە" هەبووە کە گوایە یەکێکە لە ئەندامە باڵاکانی لقی خوراسانی داعش (ISPK). ئەوان سەبارەت بە وردەکارییەکانی پەلامارەکە، چۆنیەتی دەستکەوتنی چەک و تەنانەت گۆڕینی ڕووخساریان بۆ ئەوەی سەرنجی پۆلیس ڕانەکێشن، گفتوگۆیان کردووە.
دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەڵمانیا، لەوانە فەرمانگەی فیدراڵیی پاراستنی دەستوور (BfV)، فەرمانگەی پاراستنی دەستووری ویلایەتی تورینگن (AfV)، فەرمانگەی فیدراڵی تاوان و داواکاری گشتی فیدراڵ، دوای وەرگرتنی زانیارییەک لە دەرەوەی وڵات، ئەم دوو کەسەیان خستە ژێر چاودێرییەوە. دەزگای هەواڵگری دەرەکی ئەڵمانیاش (BND) بەشدار بووە لەم ئۆپەراسیۆنەدا.
لە میانەی گەشتێکی تۆمەتبارەکان بۆ کۆماری چیک بۆ کڕینی چەک، ئۆتۆمبێلەکەیان لەلایەن پۆلیسەوە پشکێندرا. لەم پشکنینەدا، مۆبایلەکانی تۆمەتبارەکان دەستی بەسەردا گیرا و زانیاریی پەیوەست بە پلانی هێرشەکە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ داعش ئاشکرا کرا.
تۆمەتبارەکان جگە لە پلانی هێرشەکە، هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتی داراییشیان داوە بۆ ژنانی داعش لە کەمپی ئەلهۆل لە ناوچە خۆبەڕێوەبەرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا - ڕۆژئاوا. نزیکەی دوو هەزار یۆرۆیان لە ڕێگەی بانکێکی ئێرانییەوە و بە یارمەتی نێوەندگیرێک لە ئەڵمانیا گواستۆتەوە.
ئیبراهیم ج و ڕامین ن بە شێوەیەکی جیاواز لە ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ هاتوونەتە ئەڵمانیا. ئیبراهیم ج لە شاری گێرا پرۆسەی توندڕەوبوونی تێپەڕاندووە و لە بەهاری ٢٠٢٣ـەوە پەیوەندی لەگەڵ داعش دروست کردووە. سەرەتا بەنیاز بوون بۆ پەیوەندیکردن بە داعش بچن بۆ نایجیریا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ خانەکانی داعش لەوێ. پاشان بە ڕێنمایی پەیوەندیکارەکەیان لە ئێران، پلانی هێرشکردنە سەر پەرلەمانی سویدیان داڕشتووە.
ئەم دوو کەسە دوای چەندین مانگ چاودێریکردن، لە ١٩ی مارسی ٢٠٢٤ قۆڵبەست کران.
دادگاییکردنیان لە ١٥ی نۆڤەمبەر لە دادگای باڵای یێنا دەست پێدەکات. ئەوان تۆمەتبار کراون بە ئەندامێتی و پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی. پارێزەرەکانیان تا ئێستا خۆیان لە لێدوان لەسەر ئەم کەیسە بواردووە.
بە گوتەی شارەزایانی کاروباری ئەمنی لە ئەڵمانیا، ئەم کەیسە نیشاندەری ئاڵۆزیی تۆڕە توندڕەوە نێودەوڵەتییەکان و ڕۆڵی ئێرانە لە پشتیوانیکردن لەو گرووپانە.