هەواڵ

نیۆیۆرک تایمز: ئیلۆن ماسک لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەتەوە

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە دوو بەرپرسی کۆماری ئیسلامی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە کە ئیلۆن ماسک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی تێسلا، ئیکس و سپەیس ئیکس ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لەگەڵ ئەمیر سەعید ئیرڤانی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەتەوە و باسیان لە ڕێگاکانی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشینگتۆن کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز کە ڕۆژی پینجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر (١٤ی نۆڤەمبەر) بڵاو کراوەتەوە، ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داوای ئیلۆن ماسک ئەنجام دراوە. کۆبوونەوەکە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاندووە و لە شوێنێکی نهێنیدا بەڕێوەچووە کە ئیرڤانی هەڵیبژاردبوو. ئەم دوو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی دیداری ئیلۆن مەسک و "ئیرڤانی"یان بە "ئەرێنی" و "دڵخۆشکەر" هەڵسەنگاندووە.

وردەکاریی زیاتر لەسەر ئەم کۆبوونەوەیە و ئەو بابەتانەی باس کراون تا ئێستا بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام شرۆڤەکاران پێیان وایە کە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بابەتی تەکنەلۆژیا و گەیاندن بووە. بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ڕەنگە ئیلۆن مەسک هەوڵی ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ هاوکاری تەکنەلۆژی و فراوانکردنی ژێرخانی پەیوەندییەکان لە ئێران بدات، هەرچەندە ئەو سنووردارکردنانەی کە بەهۆی سزاکانەوە دروست دەبن، دەتوانن بەربەستێک بن بۆ ئەو جۆرە پڕۆژانە.

لە وڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا سەبارەت بە ڕاستیی هەواڵەکان سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، ستیڤن چیونگ بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دۆناڵد ترەمپ گوتی: ئێمە لێدوان لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە نادەین کە باس لە کۆبوونەوە تایبەتەکان دەکەن کە ڕوویانداوە یان ڕووینەداوە.

ئیلۆن ماسک لەم بارەوە وڵامی پرسیارەکانی ئەم ڕۆژنامەیەی نەداوەتەوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە