هەواڵ

سەرکەوتنی مێژوویی حزبی چەپ لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سریلانکا

حزبی "هێزی نەتەوەیی گەل" (NPP) بە سەرۆکایەتی ئانورا کومارا دیسانایاکە، سەرۆک کۆماری نوێی سریلانکا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەم وڵاتەدا سەرکەوتنێکی گەورە و بێوێنەی بەدەستهێنا و زۆرینەی دوو لەسەر سێی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەست هێنا.

بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ڕاگەیەندراو لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی سریلانکاوە، حزبی NPP توانی ٦١.٥٦٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت کە دەکاتە زیاتر لە ٦.٨ ملیۆن دەنگ و ١٥٩ کورسی لە کۆی ٢٢٥ کورسیی پەرلەمان. لە بەرامبەردا، هاوپەیمانیی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتیی ساجیت پرێمەداسا تەنها ١٧.٦٦٪ی دەنگەکان و ٤٠ کورسی بەدەست هێنا.

ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی حزبی چەپی دیسانایاکە، کە پێشتر حزبێکی لاوەکی بوو، نیشانەی گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە ژینگەی سیاسی سریلانکادا.

ئەم حزبە کە پێشتر هەرگیز لە دەسەڵاتدا نەبووە، توانی لە ١٥ ناوچەی هەڵبژاردن لە کۆی ٢٢ ناوچە سەربکەوێت، لەوانەش ناوچە تامیل نشینەکانی باکوور وەک جافنا کە پێشتر لە ژێر دەستی حزبە نەتەوەییەکانی تامیلدا بوون.

شارەزایان پێیان وایە ئەم سەرکەوتنە، ئەرکی دیسانایاکە بۆ چاکسازی ئابووری و دەرهێنانی سریلانکا لە قەیرانی دارایی بەهێزتر دەکات. سریلانکا لە ساڵی ٢٠٢٢دا تووشی مایەپووچی ئابووری بوو کە بووە هۆی ناڕەزایەتی بەرفراوان و ڕووخانی حکومەتی ئەوکات. دیسانایاکە بەڵێنی داوە بە جێبەجێکردنی چاکسازی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، وڵات لەم قەیرانە دەربهێنێت.

ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە کە بە بەشداری ٦٥٪ی خەڵک بەڕێوەچوو، دوو مانگ دوای سەرکەوتنی دیسانایاکە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەنجامدرا.

سەرۆک کۆماری نوێ کە پێشتر تەنها ٣ کورسی لە پەرلەماندا هەبوو، بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە توانی زۆرینەی ڕەها بەدەست بهێنێت و ڕێگا بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە چاکسازییەکانی خۆش بکات.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە